top of page
له شاری هه‌ولێر، پێته‌ختی هه‌رێمی کوردستان خۆپیشاندانێکی هێمنانه بۆ مه‌حکومکردنی کۆماری ئیسلامی سه‌باره‌ت به به‌رده‌وامیی له ئێعدامی لاوانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ڕێوه چوو.
له‌و کۆبوونه‌وه‌و خۆپیشاندانه‌دا که پێش نیوه‌ڕۆی پێنجشه‌ممه، 9 ی خه‌زه‌ڵوه‌ر له سه‌ر داوای یه‌کیه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی خوێندکارانی کورد‌و که‌مپینی "نا بۆ له‌سێداره‌دانی لاوانی کورد" پێک هاتبوو، به‌شدارانی خۆپیشاندانه‌که " نا" یه‌کی دیکه‌یان به سیاسه‌تی سه‌رکوت‌و ئێعدامی لاوانی کورد به ده‌ستی کۆماری ئیسلامیی ئێران گوت.
ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه به‌به‌شداریی سه‌دان که‌س له کوردانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، دانیشتووی باشووری کوردستان له به‌ر ده‌م پاڕلمانی کوردستان به سروودی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ی ڕه‌قیب ده‌ستی پێ‌کرد، پاشان په‌یامی که‌مپینی "نا بۆ له‌سێداره‌دانی لاوانی کورد" روو به پاڕلمانتارانی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن عه‌لی ئیسماعیل‌نژاد خوێندرایه‌وه‌و دواتر ڕاده‌ستی نوێنه‌رانی پاڕلمانی هه‌رێمی کوردستان به‌شدار له کۆبوونه‌وه‌که کرا.
له‌و په‌یامه‌دا به ئاماژه به 34 ساڵ سیاسه‌تی کۆماری ئیسلامی بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کورد‌و پاشگه‌زکردنیان له داوا نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیان هاتبوو که خه‌ڵکی کوردستان له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مجاره‌ی سه‌رۆک کۆماری‌دا به هیوای گۆڕین له ڕه‌فتاری ده‌سه‌ڵات‌و به سه‌رنجدان به ڕاگه‌یاندنی ژماره‌ی 3 ی ڕووحانی که به‌ڵێنی چاره‌سه‌ری پرسی نه‌ته‌وه‌کانی دابوو، ده‌نگیان به ڕووحانی دا، به‌ڵام ڕووحانی دوای سه‌رکه‌وتنی له هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری‌دا به‌ڵێنه‌کانی پێش هه‌ڵبژاردن به خه‌ڵکی کوردستانی پشتگوێ خست‌و به هه‌ڵبژاردنی عه‌لی یونسی، وه‌زیری پێشووی ئیتللاعاتی کۆماری ئیسلامی وه‌ک راوێژکاری خۆی بۆ کاروباری نه‌ته‌وه‌کانی ئێران جارێکی دیکه له‌سه‌ر ڕوانگه‌ی ئه‌منیه‌تی ده‌رحه‌ق به کورد‌و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی ئێران پێداگری کرده‌وه.
له به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌و په‌یامه‌دا هاتبوو که ئێمه وه‌ک ئه‌ندامانی که‌مپینی "نا بۆ له‌سێداره‌دانی لاوانی کورد" داواکارین که ئێوه نوێنه‌رانی کورد له پاڕلمانی باشووری کوردستان که ئاڵا‌و سروودی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک هێمایه‌کی هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان به‌کار دێن، به ره‌سمی داوا له سه‌رۆک کۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران بکه‌ن که ده‌ست له ڕوانگه‌ی ئه‌منیه‌تی ده‌رحه‌ق به پرسی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌ربگرێ‌و له سیداره‌دانی چالاکانی سیاسی ده‌ست ڕاگرێ‌و به‌پیر داخوازی‌و چاوه‌ڕوانییه ره‌واکانی نه‌ته‌وه‌ی کورد بێ، هه‌ر ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ی که بوونه هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌نگ به حه‌سه‌ن رووحانی بده‌ن.
دوای ڕاده‌ستکردنی ئه‌و یادداشته به نوێنه‌رانی پاڕلمان، خۆپیشانده‌ران به به‌رزکردنه‌وه‌ی دروشم به دژی سیاسه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامی‌و خوێندنه‌وه‌ی شێعر‌و سروودی شۆڕشگیری به‌ره‌و نووسینگه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له هه‌ولێر که‌وتنه‌ڕێ‌و له‌به‌رده‌م نووسینگه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان درێژه به به‌رنامه‌کانی ئه‌م چالاکییه درا.
له‌و به‌شه له به‌رنامه‌کانی ئه‌و خۆپیشاندانه فه‌ردین که‌ریمی، به‌یاننامه‌ی کۆتایی که‌مپینی "نا بۆ له‌سێداره‌دانی لاوانی کورد"ی بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی به سیاسه‌تی ئێعدام له‌لایه‌ن کۆماری ئیسلامی خوێنده‌وه.
له به‌یاننامه‌ی کۆتایی که‌مپینی "نا بۆ له‌سێداره‌دانی لاوانی کورد"دا وێڕای مه‌حکوومکردنی ئێعدامی دوو تێکۆشه‌ری سیاسیی کورد حه‌بیبوڵلا گوڵپه‌ری‌پوور‌و ڕه‌زا ئیسماعیلی، مه‌ترسیی ئێعدام‌کرانی نیزیک به 20 زیندانیی سیاسیی کورد که حوکمی له داردرانیان په‌سند کراوه، وه‌بیر نوێنه‌رایه‌تیی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له هه‌ولێر هێنرایه‌وه.
دوای خوێندنه‌وه به‌یاننامه‌ی کۆتایی که‌مپینی "نا بۆ له‌سێداره‌دانی لاوانی کورد" چه‌ند که‌س له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه سه‌ردانی به‌رپرسی نووسینگه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له هه‌ولێریان کرد تا به‌یاننامه‌و داخوازی خۆپیشانده‌ران ڕاده‌ست بکه‌ن.
له به‌شێکی دیکه‌ی خوێندنه‌وه‌ی په‌یامه‌کاندا په‌یامی ئه‌نجوومه‌نی رۆژنامه‌نووسانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان‌و ئه‌نجوومه‌نی زێد له‌لایه‌ن مسته‌فا شیخه خوێندرایه‌وه.
له دوایین بڕگه‌ی کۆبوونه‌وکه‌دا ناسر گوڵپه‌ری‌پوور، باوکی شه‌هید حه‌بیبوڵلا گوڵپه‌ری‌پوور که به ته‌لیفوون پێوه‌ندی پێوه گیرابوو، سپاسی که‌مپینی "نا بۆ له‌سێداره‌دانی لاوانی کورد" بۆ وه‌رێخستنی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی کرد‌و په‌یامی خۆی به‌و بۆنه به به‌شداران گه‌یاند.
ئه‌و کۆبوونه‌وه‌و خۆپیشاندانه به خوێندنه‌وه‌ی شێعر‌و نوێکردنه‌وه‌ی به‌ڵێن له‌گه‌ڵ شه‌هیدان‌و زیندانیانی سیاسی بۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر داوا ڕه‌واکانی گه‌لی کورد کۆتایی پێ‌هات.




![]() | ![]() |
---|---|
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |





bottom of page