top of page

دژ بە کردەوە تیرۆریستییەکەی کۆماری ئیسلامی لەبەردەم قەڵای دێموکرات، لە نۆڕوێژ خۆپێشاندانێک بەڕێوە چوو
ناوەندی هەواڵ- نۆروێژ: بەمەبەستی شەرمەزار و مەحکوومکردنی کردەوە تیرۆریستییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەوی یەڵدا لە بەردەم دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بوو بەهۆی شەهیدبوونی پێنج کادر و پێشمەرگەی حیزب و دوو کارمەندی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و برینداربوونی چەند کەسی دیکە، لە وڵاتی نۆڕوێژ خۆپێشاندانێکی بەرفراوان بەڕیوە چوو. دوانیوەڕۆی رۆژی کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، سەرەتان لەبەردەم پەرلەمانی نۆڕوێژ کۆ بوونەوە و بە گوتنەوەی دروشمەکانی "نا بۆ تیرۆر"، "بژی پێشمەرگە"، " مەرگ ونەمان، بۆ کۆماری ئیسلامی" و چەندین دروشمیتر، بەشێوەیەکی رێکوپێکو بەپێی بەرنامە بەرەو وەزارەتی دەرەوەی نۆڕوێژ دەستیان بە رێپێوان کرد. خۆپێشاندەران کە هەڵگری ئاڵای پیرۆزی کوردستانو یوبیلی حیزبو ژنانو لاوان بوون، توانیان سەرنجی خەڵکێکی زۆر لە هاووڵاتیانی نۆروێژ بۆ لای خۆیان رابکێشن و بە جۆرێک کە وێنەو ویدیۆیان لە خۆپێشاندەران هەڵدەگرتەوە. دەگەڵ گەیشتنی ئاپۆڕای خۆپێشاندەران بۆ بەردەم وەزارەتی دەرەوەی نۆڕوێژ، کۆمەڵێک چالاکی جۆراوجۆر دەستی پی کرد. سەرەتا گروپی سروودی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، سروودی نەتەوەیی "ئەی رەقیب"یان پێشکەش کردو دواتر چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی یەڵدای خوێناوی و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان چەند ساتێک بێدەنگی راگەیەندرا. دواتر لە لایان بەڕێوەبەرانی خۆپێشاندانەکەوە بە زمانی کوردیو نۆروێژی سوپاسی بەشداریی بەرچاوی خۆپێشاندەران کرا. ئەوجار داواکاریی خۆپێشاندەران سەبارەت بە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە چەند خاڵدا بە زمانی کوردی لە لایەن هاوڕێیان "سۆران شێرزاد" ئەندامی کومیتەی گشتیی حیزب لە نۆروێژ و "بەفرین رۆستەمی" بەرپرسی کومیتە ناوچەی "ئۆسلۆو ئاکرشووس" بە زمانی نۆروێژی خوێندرایەوە کە لە پێنج خاڵدا گەڵالە کرابوون و ناوەرۆکی ئەم پێنج خاڵە بریتی بوون لە تەباییو یەکڕیزیی حیزب و رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەر چوارپارچەی کوردستان و داوایان لێکرابوو کە بۆ گەیشتن بە ئامانجو ویست و داخوازییە نەتەوەییەکانمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستان، لە راستای بەرەیەکی کوردستانی و کۆنگرەیەکی نەتەوەییدا هەنگاو هەڵبگرن. هاوکات داوا لە رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، دادگای "لاهە"و رێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرابوو کە کار لەسەر کەیسی تیرۆرکرانی شەهید "د.قاسملوو" سکرتێری پێشووی حیزبی دیموکراتی کوردستان و دەیان تێکۆشەری سیاسییترو نوێترین کردەوەی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی واتە تەقینەوەکانی بەردەم بنکەی دەفتەری سیاسیی "حدک" بکەن کە ٥ پێشمەرگەی حیزبو دوو ئەندامی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێیدا بوونە. دوابەدوای داواکاریی خۆپێشاندەران، لە لایەن هاوڕێ "ئیدریس ئابدە" هاوکاری بەشی پێوەندییەکانی کومیتەی حیزب لە نۆروێژ، بە زمانی نۆروێژی بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی هاوبەشی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان خوێندرایەوە کە لەو بەیاننامەدا یەکدەنگ و یەکگرتووانە کردەوەی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامییان مەحکووم کردبوو و ئاماژەیان بە رابردووی تیرۆرو تاوانی کۆماری ئیسلامی دابوو کە لە ساڵانی رابردوودا دەیان تێکۆشەری کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانیان تیرۆر کردووە و هاوکات هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەیان پیلانی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامییان پووچەڵ کردووەتەوە. هەر ئەم بەیاننامەیە لە لایەن بەڕیز "ناسر قادرپوور" بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ بە هاوڕێیەتی بەڕیزان "شوانە ئوستادی"و "بەفرین رۆستەمی" هاوکارانی بەشی پێوەندییەکان رادەستی وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ کرا. هەر لە درێژەی ئەو چالاکییانەدا، یەکیەتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کە یەکێک لە قوربانییەکانی تیرۆرو تەقینەوەکانی کۆماری ئیسلامی بووە، پەیامێکی کورتو پڕ ناوەڕۆکیان لەسەر تاوانەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی روو بە رێکخراوەکانی لاوان لە جیهان ئاڕاستە کرد کە لایەن رێزدار "ئاژوان مامەش" بەرپرسی یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نۆروێژ، بە زمانی نۆروێژی پێشکەش کرا. وتارێک کە لەسەر تیرۆر و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە لایەن تێکۆشەری دێرینی ریزەکانی حیزب هاوڕێ "کەریم ئەڵڵاوەیسی"یەوە ئامادە کرابوو و باسی لە تیرور و تاوانەکانی ئەو رژێمە هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکار و دەستێوەردانەکانە لە کاروباری ناوچەکەو بردنە ێشی پڕۆژە زێدەخوازییەکانی رێژیم بە میتۆدی نامرۆڤانەو تیرۆریستییانە کرابوو. لە لایان ناوبراوەوە هاتە پێشکەشکردن. دوابە دوای ئەم وتارە، سروودی ئەی "شەهیدان" بە دەنگی هونەرمەند شۆڕشگێڕ هاوڕێ "بێهروز لوتفی" بەهاوکاری گرووپی سروودی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان گوترایەوە. لە کۆتاییدا، هاوڕێ "سەردار مەرەسەنە" بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی حیزب لە نۆڕوێژ، بە نوێنەرایەتی کومیتەی وڵاتەوە سوپاسی سەرجەم حیزبو لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانو ئەندامانو لایەنگرانی حیزبو سەرجەم تێکۆشەرانی کوردی کرد کە بە هەستی بەرپرسایەتییەوە بەشداری ئەو خۆپێشاندانە بوون.حیزبی دیموکراتی کوردستان- نۆروێژ




1/20


![]() | ![]() |
---|---|
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() |



bottom of page