top of page

٧١ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ بهڕز راگیرا
ناوەندی هەواڵ- نۆروێژ: کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ، بە
هاوکاریی یەکێتیەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستان، لە رێوڕەسمێکی بەشکۆدا، یادی ٧١هەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستانیان بەرز راگرت. رۆژی شەممە ٤ی فێورییەی ٢٠١٧ی زاینی بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و نوێنەرانی چەند هێز و لایەنێکی کوردستانی، کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ، بە هاوکاریی یەکێتیەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستان، لە "سێشمۆکۆشە"ی پارێزگای "ئۆسڵۆ ئاکشهوس"، و کۆمەڵەی کلتووریی کوردیی رۆمەریکە، ٧١ەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستانیان بەرز راگرت.. سەرەتای رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی و دوژمن شکێنی "ئەی رەقیب" کە لە لایان کۆرسی یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە ، ئامادە کرابوو دەستی پێکرد. پاشان لە لایان پێشکەشکاری رێورەسمەکە هاوڕێ "سۆران مەحموودی"یەوە چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان راگەیاندرا. ئینجا پەیامی کومیتەی نۆڕوێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایان هاوڕێ "هەمزە ئاگوشی" یەوە خوێندرایەوە. لەم پەیامەدا وێڕای ئاوڕدانەوەیەکی کورت لەو هەلومەرجە ناوچەیی و نێونەتەوەییانەی کە بوون بە دەرفەتێک بۆ راگەیاندنی کۆماری کوردستان، شوێنەوارو کاریگەرییەکانی بەسەر تاکی کورد و هێزە سیاسییەکانی کورددا خرابووە ڕوو کە لە بەشێک لە پەیامەکەدا هاتبوو: ئەوەی ئەو رووداوە مێژووییە لە بۆنە نەتەوەییەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، کۆمەڵێک کاریگەریی ئەرێنییە بەسەر تاکی کورد و هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکانیدا کە لە مێتۆد و فۆڕمی جۆراوجۆردا خۆ دەنوێنن و بە ئاوڕدانەوەیەک لە رابردوو و هەڵوەستە لەسەر کردنێک، ئەم گرینگییەمان بۆ دەردەکەوێ. لەو پەیامەدا ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان درابوو و تێیدا هاتبوو: " دەستلەکارکێشانەوەی ئارەزوومەندانەی بەرێز کاک خالید عەزیزی لە پۆستی سکرتێری گشتیی حیزب، نیگەرانییەکی زۆری خستە ناو ریزەکانی تەشکیلات و دۆستان و لایەنگرانی حدک، بەڵام ئیرادەی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاوکاریی رێکخراوەکانی حیزبی، سەلماندی کە لە توانایدا هەیە کە رووبەڕووی گرفتە تەشکیلاتی و سیاسییەکان بێتەوە و حەکیمانە لە راستای پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە گەورەدا هەنگاو هەڵبگرێ و بە هەموو لایەک نیشان بدات کە حیزبی دێموکراتی کوردستان خاوەنی هێزێکی پوختە و بە ئەزموون و کارامەیە و دەتوانێ لە ئاستەمترین و حەساسیترین هەلومەرجە سیاسی و تەشکیلاتییەکاندا رێکاری گونجاو بدۆزێتەوە و هەروەک پێشوو لە سەنگەری خەبات و تێکۆشان لە پێناو دابینکردنی مافی نەتەوایەتی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و وەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەکانی کۆماری کوردستاندا بە سەرێکی هەروا بەرز لە ناو سەراندا بمێنێتەوە. ئێمە وێڕای تەقدیر و پێزانین و ماندوونەبوونی و دەستخۆشی لە بەرێز کاک خالید عەزیزی کە ماوەی ١٠ ساڵ لە پۆستی سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ئەرکی خۆی زۆر سەرکەوتووانە بەرێوە بردووە، هاوکات پیرۆزبایی لە بەڕێزان کاک مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتی و دکتور ئاسۆ حەسەنزادە جێگری سکرتێری گشتی دەکەین کە لە هەڵبژاردنێکی دێموکراتێکی سەردەمییانەدا سوکانی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتیان پێ ئەسپێردرا و دڵخۆش و بەختیارین کە حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزبەکەی پێشەوا قازی محەممەد و دامەزرێنەری کۆماری کوردستان، دوور لە دروشمی بریقەدار، باوەڕی قووڵی بە ئاڵوگۆڕی دێموکراتیک و دەستاودەستکردنی دەستەڵات هەیە و ئەمەشی بە کردەوە لە ریزەکانی خۆیدا تەجرووبە کردووە و نیشانیدا کە جگە لە خەبات و قوربانیدانیدان و تێکۆشانی دەیان ساڵەی، لە نوێکاری و کلتوورسازیی سیاسیی ئەرێنیشدا هەر پێشەنگە و هەر پێشەنگییش دەمینێنتەوە. بۆ جارێکی دیکە ئەم رۆژە مێژووییە و ئەم رووداوە میژوویە لە هەموو لایەکتان پیرۆز بێ. بە دوای پەیامی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆڕوێژ، پەیامی هاوبەشی یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان و یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی کوردیی "رۆمەریکە" لە لایان خاتوو "مەحبووبە رەحیمی"یەوە خوێندرایەوە. لیژنە ناوچەی نۆڕوێژی پارتی دێموکراتی کوردستان ،ئەنجوومەنی بزووتنەوەی گۆڕان لە نۆڕوێژ و کومیتەی نۆڕوێژی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، هەر یەکەیان بەم بۆنە پیرۆزەوە پەیامی خۆیان پێشکەش کرد. دوایین بڕگەی ئەو رێوڕەسمە، تایبەت کرابوو بۆ بەشی هونەری و هەر یەک لە هونەرمەندانی دەنگخۆش "باوان کەریمی و بێهروز لوتفی و هوشیار ئیبراهیمی" بە هاوکاری میووزیکژەنی بەتوانا، کاک "پێشڕەو" چەندین گۆرانی خۆش و سەرەنجڕاکێشیان پێشکەش کرد و ئەو بڕگەیەش وێڕای هەڵپەڕکێی کوردی، تا درەنگانێکی شەو بەردەوام بوو و لە لایان ئامادەبووانی ئەو رێوڕەسمەوە بە گەرمی پێشوازی لێ کرا.حیزبی دێموکراتی کوردستان- کومیتەی نۆڕوێژبۆ بینینی وێنەکانی ئەو ڕێورەسمە کلیک لێرە بکە




1/10


![]() | ![]() |
---|---|
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() | ![]() |
![]() |



bottom of page